Duration 13:22

قورئانی پیرۆز. وەسف 香港

153 watched
0
30
Published 17 Apr 2022

پێغەمبەر گیان ﷺ لە ماوەی ژیانیدا بەچەندین تاقیکردنەوەی قورس و زەحمەتدا تێپەڕیوە، کە بۆ کەسێکی ئاسایی کەمەرشکێن بوون، لەوانە: مردنی باوک و دایک و باپیری هەر لە منداڵیدا، مردنی خێزان و مامی پاڵپشتی، مردنی کوڕ و کچەکانی و ناشتنیان بەدەستی خۆی، مردنی چەند هاوەڵێکی نزیکی، دژایەتی کردن و سوکایەتی و بوهتان بۆکردنی لەلایەن قەوم و خزمەکانی، بەردبارانکردنی، برینداربوونی، پلان دانان بۆ کوشتنی، بوهتان کردن بۆ خێزانی، تەڵاقدانی کچەکانی، دەرکردنی لە شارەکەی هتد...، بێگومان ئاساییە مرۆڤ بگریێ بۆ لەدەستدانی خۆشەویستانی، یان ڕووداو و کارەساتێک، گریانێکی پڕ لە ڕازی بوون بەقەدەری خوا، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا کەمترین گریان و خەمی پێغەمبەر گیان ﷺ بۆ شەخسی خۆی بووە، بەڵکو بۆ خۆشەویستی و ترسی خوا بووە، بۆ خەمی ئوممەتەکەی بووە. چۆنیەتی گریانی: گریانی پێغەمبەر ﷺ هەر لە جۆری پێکەنینەکەی بووە، واتە: بە دەنگی بەرز و هات و هاوار نەبووە، هەروەک چۆن پێکەنینەکەشى بە قاقا و بە دەنگی بەرز نەبووە، بەڵکو چاوەکانی فرمێسکیان پێدا دەهات و دەنگی گزەگزی سینگی دەبیسترا، گریانی پێغەمبەر لەکاتی خەم و دڵتەنگی و کارەساتدا بەشێوەیەک بووە کە چاوەکانی فرمێسکیان لێ هاتوە، بەڵام دڵی پڕ بووە لە ڕەزامەندی خوا و ڕازی بوون بەقەدەری خوا. پێغەمبەر گیان ﷺ لە چ حاڵەتێکدا گریاوە: - گریان بۆ لەدەستدانی خۆشەویستانی: پێغەمبەر گیان ﷺ کاتێک ئیبڕاهیمی کوڕی وەفاتی کرد، چاوەکانی فرمێسکیان لێ هات و گریانێکی بە سۆز و بەزەیی هات، وتیان تۆش دەگریی ئەی پێغەمبەری خوا ﷺ؟! فەرمووی: بەڵێ، بێگومان ئەوە سۆز و بەزەییە، ئنجا فەرمووی:((چاو فرمێسک دەڕێژێ، دڵ نیگەران دەبێ، بەڵام هیچ شتێک ناڵێین کە پەروەردگارمان پێی ڕازی نەبێ). هەروەها کاتێك یەکێک لە کچەکانی لە گیانکێشاندا بوو، خستیە ئامێزی و بەخۆیە گوشی و بۆی گریا، وە کاتێک لای گۆڕەکەی دانیشت فرمێسک لەچاوەکانی دەهاتە خوار ﷺ. هەروەها پێغەمبەر گیان ﷺ لەسەر گۆڕی دایکی گریاوە. پێغەمبەر گیان بۆ لەدەستدانی هاوەڵانی گریاوە، لەوانە: کاتێک عوسمانی کوڕی مەظعون وەفاتی کرد، پێغەمبەر گیان ﷺ ماچی کرد و بۆی گریا، هەروەها کاتێک سەعدی کوڕی عوبادە لەسەرەمەرگدا بوو بۆی گریا ﷺ، وە بۆ حەمزەی مامی گریا کاتێک لەجەنگدا شەهید بوو. - گریان لەکاتی نوێژدا: لە شەونوێژدا ئەوەندە دەگریا تا ڕیشی موباڕەکی و خۆڵی ژێر پێی تەڕ دەبوو بەفرمێسکەکانی، ئەوەندە دەوەستا بەپێوە تا پێیەکانی دەئاوسان، لێیان دەپرسی: باشە بۆ ئەوەندە دەگری وخۆت ئەزیەت دەدەی، لە کاتێکدا خوا لەهەموو گوناهەکانت خۆش بووە؟! ئەویش دەیفەرموو:(ئەی بەندەیەکی سوپاسگوزاری خوا نەبم!). هاوەڵێک دەڵێ: چووم بۆ خزمەت پێغەمبەرى خوا ﷺ، لەو کاتەدا نوێژی دەکرد، لە ناخى دڵیەوە بە گریانێکى وا بە کوڵ دەگریا، وەک قوڵپەى کوڵانى مەنجەڵ دەنگى دەهات. - گریان لەکاتی خۆرگیراندا: کاتێک خۆرگیرا پێغەمبەری خوا ﷺ دیسان گریا، نوێژی خۆرگیرانی کردو لە نێو نوێژەکەیدا دەستی کرد بە گریان، دەنگی گریانی دەبیسترا (لەترسی ئەوەی سزای خوا بێ بۆ ئوممەتەکەی). - گریان لەکاتی بیستنی قوڕئاندا: جارێکیان عەبدوڵڵای کوڕی مەسعوود (ڕەزای خوای لێبێ) سووڕەتی (النساء)ی بۆ پێغەمبەر ﷺ خوێندەوە, کاتێک گەیشتە ئەو شوێنەی کە دەفەرموێ:)(فَكَيْفَ إِذَا جِئْنَا مِن كُلِّ أُمَّةٍ بِشَهِيدٍ وَجِئْنَا بِكَ عَلَىٰ هَـٰٓؤُلَآءِ شَهِيدًا)(. واتە:(ئایا -حاڵی کافران- چۆن دەبێ کاتێک لە هەموو ئومەتێکدا شایەتێکما هێنا -کە پێغەمبەرەکەیانە-، وە -ئەی موحەممەد ﷺ- تۆیشمان هێنا بە شایەت بەسەر ئا ئەوانەوە)، کاتێک ئەو ئایەتەی خوێندەوە گریا. - گریان بۆ خەمی ئوممەتەکەی: لەناو هاوەڵانی دانیشتبوو ﷺ، دەستی بەرزکردەوەو فەرمووی: پەروەردگارا! ئوممەتەکەم ئوممەتەکەم ئوممەتەکەم، پاشان دەستی کرد بەگریان! خوا (سبحانە وتعالی) فەرمانی کرد بەجوبڕائیل بڕۆ بۆ لای محمد ﷺ و لێی بپرسە بۆ دەگری؟! جوبڕائیلیش هاتە لای پێغەمبەر ﷺ و لێی پرسی، دواتر گەڕایەوە و بەخوای ڕاگەیاند لەخەمی ئوممەتەکەی دەگری (کە بێگومان خوا خۆی دەیزانی)، خوا (سبحانە وتعالی) فەرمووی: ئەی جوبڕائیل! بڕۆ بۆ لای محمد ﷺ و دڵی بدەوە و پێی بڵێ: ئێمە ڕازیت دەکەین لەبارەی ئوممەتەکەوە، بەوەی پێت دەبەخشین ئەوەی داوات کردوە بۆ ئوممەتەکەت، وە خەمبار و دڵگرانت ناکەین لەو بارەوە. قوربانی ئەو وەفا و دڵسۆزییەت بین ئەی خۆشەویستی خوا... وانەی سێزدەیەم: گریانی پێغەمبەری خوا ﷺ #پڕۆژەی_لەخزمەت_سەروەرمان

Category

Show more

Comments - 74